دەزگای هەواڵگری ئەمریکا - CIA

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-05-05-01:43:00 - کۆدی بابەت: 5156
دەزگای هەواڵگری ئەمریکا - CIA

ناوه‌ڕۆك

CIA

دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكا، و بە كورتكراوی (CIA) دەناسرێ، وەكالەتی سەرەكی هەواڵگری حكومەتی فیدراڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، بنكەی سەرەكی دەزگاكە دەكەوێتە ویلایەتی ڤێرجینا لە تەنیشت ڕووباری بۆتۆماك، كارمەندەكانی لە باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا یان ناوچە جیاكانی جیهان كاردەكەن، تەواوی زانیارییەكان ڕادەستی بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری میلـلی دەكات.

وڵات ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا
ناوی تەواو  دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریكی
دروستكەران دوایت ئایزنهاوەر، ولیام دۆنۆڤان، ئالن دالاس، هاری ترومان
دروستبوون 18/9/1947
بنكەی سەرەكی ڤێرجینا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا
كارمەندان 21،575
بودجە 15 ملیار دۆلار ساڵانە
بەڕێوبەر جینا هاسپێل

كارەكان

CIA سێ كاری سەرەكی هەیە:

  • كۆكردنەوەی زانیاری لە حكومەتە دەرەكی و هاوبەشەكان و كەسەكان.
  • ڕێكخستنی ئەو زانیارییانە و بەراورد و ڕێكخستنیان لە تەنیشت زانیاری دەزگا هەواڵگرییەكانی دیكەی ئەمریكا بۆ دروستكردنی فایلێكی تایبەت.
  • گەیاندنی ئەو زانیارییانە بە سەرۆك و بەرپرسە گەورەكانی سیاسەتی وڵات.

بە فرمانی سەرۆكی وڵات دەزگاكە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەندێك ئۆپەراسیۆنی نهێنی یان چاودێری و بەرپرسیارێتی كردنیان چ لەلایەن ئەندامەكانییەوە ئەنجامبدرێ یان سووپا یان حكومەتە دۆستەكانی دیكە.

ساڵی 2013 واشنتۆن پۆست ڕایگەیاند كەوا CIA گەورەترین بودجەی هەیە لەنێو بەشەكانی دیكەی هەواڵگری ئەمریكا، چونكە زۆرترین ئۆپەراسیۆن و كاری تایبەتی نهێنی ئەنجامداوە بەتایبەت دژی تیرۆر، ئەمانەش زیاتر لە ڕێگای بنكەی ئۆپەراسیۆنی زانیارییەوە بۆ ڕووبەڕوونەوەی هێرشی تیرۆر لە ڕێی ئینتەرنێت و تەكنەلۆژیاوە.

مێژوو

ئەم دەزگایە بە واژووی سەرۆكی ئەمریكا هاری ترومان لە ساڵی 1947 دروستكرا لەسەر یاسای ئاسایشی نەتەوەیی، هەر بەپێی یاسایەكە سەرۆكی دەزگاكە دەبێت بە سەرۆكی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا و ڕاوێژكاری یەكەمی سەرۆكی وڵات لە بارودۆخ و بڕیاری ئاسایشی نەتەوەیی، بەڵام لە دوای ساڵی 2004 و دروستبوونی بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری نەتەوەیی سەرۆكی بەڕێوبەراییەتیەكە هەندێك لە كارەكانی سەرۆكی CIA ڕادەپەڕێنێت.

دەزگاكە بە یەكێك لە باشترین دەزگاكانی سیخوڕی و دژەسیخوڕی دنیا دەناسرێ.

لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دروستكرا بۆ ئەوەی شوێنی نوسینگەی خزمەتگوزاری ستراتیژی (OSS) بگرێتەوە، كە سەرۆك فرانكلین ڕۆزفڵت دروستی كردبوو، ئەمەش لەژێر فشاری هەواڵگری سووپا و نوسینگەی توێژینەوەی فیدراڵی.

سەرۆكەكان

ئالان دالاس یەكێكە لە بەناوبانگترین سەرۆكەكانی CIA كە دروستكردنی دەزگاكەی پێ سپێردرابوو، بەڵام دواتر لەبەر چەند هەڵەیەك دوورخرایەوە لەلایەن هاری ترومانەوە، و دوای ئەو ژەنەڕاڵ فاڵتەر سمیث بوو بە سەرۆك.

دوای دەستبەكاربوونی ئایزنهاوەر وەك سەرۆكی وڵات دووبارە ئالان دالاس كرایەوە بە سەرۆكی دەزگا، بەڵام دوای ڕووداوی كەنداوی بەرازەكان لە ساڵی 1961 و ئابڕووچونی ئەمریكا لە جیهانی سێیەم جۆن كەنەدی لە كار لایدا.

ئۆپەراسیۆنە دەرەكییەكان

سی ئای ئەی خاوەنی چەندین ئۆپەراسیۆنی نهێنییە لە وڵاتە جیاوازەكانی جیهان، بەتایبەت لە ئەمریكای ناوەڕاست و باشوور و ڕۆژئاوا ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنی دیكەش، هەروەها دەستی هەبووە لە زۆرێك لە شۆڕش و یەكلاكردنەوەی بابەتە تاكەكەسییەكان.

شێوازی كاركردن

دەزگاكە چەندین شێوازی جۆراوجۆر بەكاردێنێ بۆ كاركردنی بە نوێترین تەكنەلۆژیاكانی سەردەم، وەك بەكارهێنانی فڕۆكەی چاودێری و سیخوڕی U2 كە لە ئاسمانی سۆڤیەت بەكاری دەهێنا بۆ وێنەی ڕادار و زەوییەكانی.

تەنانەت جارێك لە ساڵی 1960 فڕۆكەیەك كەوتە خوارەوە لە خاكی سۆڤیەت و وایكرد كۆبوونەوەی ئایزنهاوەر و خرۆتشۆڤ پووچەڵ ببێتەوە و سەرنەگرێت، هەر لە ساڵی 1962 بەهۆی ئەم فڕۆكانەوە توانی شوێنی بۆمبەكانی سۆڤیەت بزانێت لە كوبا، جیا لە بەكارهێنانی كەسانی تایبەت چ دیبلۆماسی بن یان نا، بۆ بەدەستهێنانی زانیاری وردی وڵاتان وەك ئەوەی لە كۆنگرەی بیستەمی حیزبی شیوعی لە یەكێتی سۆڤیەت وتارەكەی خرۆتشۆڤی سەرۆكیان كۆپی كرد، كە تێیدا دژی ستەمەكانی ستالین دەوەستایەوە.

پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ

لە ساڵی 1974 ڕۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز وتارێكی بڵاوكردەوە و تێیدا نوسیبووی كە دەزگای هەواڵگری ئەمریكی چەندین كاری سەرشەقام و نامرۆڤانەی بەرامبەر گەلی ئەمریكا كردووە لە ساڵانی شەستەكان وەك تاقیكردنەوە لەسەریان، ئەویش بە بەكارهێنانی ماددە و گازی تایبەت بۆ دەستگرتن بەسەر ئەقڵ و هۆشیاندا و بەكارهێنانیان، هەروەها تاقیكردنەوەی ماددەی بایۆلۆجی و كیمیایی تایبەت و شۆردنەوەی مێشك.

دواتریش سزادانی گیراوەكانی گرتووخانەكان لەدوای هێرشی 11ـی سێپتەمبەری 2001 لە زیندانە نهێنییەكان و زیندانی وڵاتانی دۆستی ئەمریكا.

ئامانجە گشتییەكان

یەكەمجار ئەم دەزگایە بۆ بەدەستخستنی زانیاری و هەواڵی سەرانسەری دونیا بۆ ئەمریكا دروستكرا و ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر و بەدەسەڵاتتر بوو، ئەمڕۆ كاری ئەوان زانیاری وەرگرتن و شیكردنەوەی و خۆئامادەكردن و كاركردنە لەسەر زانیارییەكان.

پێنج سەرەكیترین ئامانجەكان بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی 2013 :

  • دژەتیرۆری
  • ڕێگری لە دروستبوونی كەرەستەی ئەتۆمی و چەكی ئەتۆمی و چەكی كۆكوژی
  • هەواڵدان بە سیاسەتمەدارانی ئەمریكا لەبارەی زانیاری گشتی جیهانەوە
  • دژەسیخوڕی
  • جەنگی ئینتەرنێتی

بەشەكان

  • بەڕێوبەرایەتی داهێنانی دیجیتاڵی
  • بەڕێوبەرایەتی ئۆپەراسیۆنی نهێنی نەتەوەیی
  • بەڕێوبەرایەتی پشتیوانی
  • بەڕێوبەرایەتی زانست و داهێنان
  • بەڕێوبەرایەتی شیكردنەوە
  • بەڕێوبەرایەتی دژەتیرۆر (Counter Terrorism Center)

پڕۆژە و ئۆپەراسیۆنەكان

ئەو ڕووداوانەی سی ئای ئەی دەستی تێداهەبووە یان ئەنجامی داون:

  • هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئیتاڵیا ساڵی 1948
  • جەنگی كۆریا 1952 بۆ 1953
  • كۆماری چینی میلـلی 1952
  • كودەتای ئێران – 1953
  • كودەتای گواتیمالا – 1954
  • پیلان دژی پاتریس لۆمبۆمبا 1960
  • هێرشی سەر ڕافائێل لیۆنیداس ترۆخیۆ 1961
  • پشتگیری دالای لاما  و شۆڕشگێرانی تبت دەیەی 1950 و 1960
  • ئۆپەراسیۆنی كوبا و بەتایبەت كەنداوی بەرازەكان لە دەیەی 1960
  • ئۆپەراسیۆنی پشیلەی گوێبیست دەیەی 1960
  • پڕۆژەی تایگەر بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ڤێتنامی باشوور لە 1963
  • سەركوتكردنی كۆمۆنیستەكانی ئەندەنوسیا لە 1965
  • جەنگی ڤێتنام 1955 بۆ 1975
  • جەنگی ناوخۆی لایۆس 1953 بۆ 1975
  • پڕۆژەی ستارگێت لە 1978 بۆ 1995
  • ئۆپەراسیۆنی پشتگیری لە شۆڕشگێرانی جەنگاوەری ئەفغانستان لە ساڵانی 1980
  • ئۆپەراسیۆنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە 1990 بۆ سەرەتای 2000

لۆگۆی دەزگای CIA

هەڵۆیەكی سەرسپییە كە باڵندەی نەتەوەی ئەمریكایە و هێمای هێزی ئەوانە، دواتریش چەند نیشانەیەكی بڵاو كە هێمای قیبلەنما و ئاڕاستەكانی زەوییە و كۆكردنەوەی زانیاری لە تەواوی پارچەكانی دنیا.


سەرچاوەکان



1943 بینین